حه‌مزه به‌رزنجی حه‌مزه به‌رزنجی
کتێبخانه

کتێبی نوێ

کتێبخانه
گشت بابه‌ته‌کان
چاوەڕوانبە ...
گشت بابه‌ته‌کان

گەمژەترین کەس... ئەو کەسەیە کە قیامەتی خۆی دەفرۆشێت بۆ دونیای کەسانی تر!!

 ڕۆژێک عومەری کوڕی عبدالعزیز ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە مەجلیسێکدا فەرمووی:  پێم بڵێن گەمژەترین کەس کێیە؟

وتیان: (رَجُلٌ بَاعَ آخِرَتَهُ بِدُنْيَاهُ !!)

کەسێکە قیامەتی خۆی فرۆشتبێت بە دونیای!!

عومەر فەرموی: منیش پێتان بڵێم لەو گەمژەتر کێیە؟

وتیان: بەڵێ..

فەرمووی: (رَجُلٌ بَاعَ آخِرَتَهُ بِدُنْيَا غَيْرِهِ!!).

کەسێکە قیامەتی خۆی فرۆشتبێت بۆ دونیای کەسێکی تر!!

رواه أبو نعيم في "الحلية" (5/ 325) عن مَيْمُون بْن مِهْرَانَ..

 

 ڕۆژێک سولەیمانی کوڕی عبدالملک پرسیاری لە ئەبو حازم کرد: ئایا کێ لە هەموو کەسێک گەمژەترە؟

فەرمووی: کەسێکە شوێن هەواو ئارەزووی براکەی کەوتبێت و پشتیوانی لێ بکات لە کاتێکدا ئەو ستەمکار بێت، بەو هۆیەوە قیامەتی خۆی فرۆشتبێت بۆ دونیای کەسێکی تر

سولەیمان فەرمووی: پێکات!

رواه الدارمي (673)

 

 ئیمامی مالیک (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) فەرمویەتی:

ئەوسا دەیانوت: (أَخْسَرُ النَّاسِ مَنْ بَاعَ آخِرَتَهُ بِدُنْيَاهُ ، وَأَخْسَرُ مِنْهُ مَنْ بَاعَ آخِرَتَهُ بِدُنْيَا غَيْرِهِ).

واتە: زەرەرمەندترین کەس ئەو کەسەیە کە قیامەتی فرۆشتبێت بۆ دونیای، وە لەو خەسارەتمەندتر ئەو کەسەیە کە قیامەتی فرۆشتبێت بۆ دونیای کەسێکی تر..

جامع بيان العلم وفضله " (2/ 906).

 

سەحنون فەرمویەتی: (أَشْقَى النَّاسِ مَنْ بَاعَ آخِرَتَهُ بِدُنْيَا غَيْرِهِ).

بەدبەخترین و زەرەرمەندترین کەس ئەو کەسەیە کە قیامەتی فرۆشتبێت بۆ دونیای کەسێکی تر.

الآداب الشرعية والمنح المرعية  (2/ 63).

 

زانایان فەرمویانە:

مانای (باع آخرته بدنياه): واتە  سەرپێچییەکی خوای گەورەی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی لە دونیادا سوودی لێ وەربگرێت، بەمەش خۆی خستووەتە بەر لەدەستدانی بەختەوەری ژیانی دواڕۆژی، وەک ئەوەی کەسێک بە درۆ سوێندی خواردبێت یان فێڵێکی کردبێت بۆ ئەوەی قازانج لە فرۆشتنەکەیدا بکات.

یان مامەڵەی ڕیبا دەکات بۆ کۆکردنەوەی پارە.

یان ستەم لە خەڵک دەکات و پارەکانیان دەبات بە ناهەق بۆ خۆی، وەک کەسی دز، دەستبەسەرداگر، یان خیانەتکار.

 

سەبارەت بە مانای "باع آخرته بدنيا غيره "، ئەمە بە کەسێک دەوترێت کە سەرپێچی خوای گەورە دەکات و خۆی دەخاتە بەردەم لەدەستدانی بەختەوەری ژیانی قیامەتی، نەک لە پێناو چێژوەرگرتن لە دونیای خۆی، بەڵکو بۆ ئەوەی کەسانی دیکە چێژ وەربگرن لێی. ئەم دونیای ئەوانی تر باشتر دەکات بە لەدەستدانی قیامەتی خۆی!

وەک نمونەی کەسێک: کە یارمەتی ستەمکارێک دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت ستەمکاری بکات، وەک زانایانی خراپەکار، یان سەربازانی کاربەدەستە ستەمکارەکان کە یارمەتیان دەدەن لە چەوساندنەوەی ژێردەستەو ڕەعیەتەکانیان، ئەم جۆرە کەسانە یارمەتی ئەو ستەمکارە دەدەن بۆ ئەوەی ئەوان چێژ لەم دونیایە وەربگرن و دەسەڵاتیان چەسپاو بێت. لە بەرامبەریشدا قیامەتی خۆیان دەفەوتێنن، بۆیە قیامەتیشیان فرۆشت و هیچ سوودیشیان لە دونیا نەبینی، بەڵکو ئەوانی تر سوودیان لێ وەرگرت!..

المناوی فەرمویەتی: زانایان ئەم کەسانەیان ناوناوە بە (أخس الأخساء) بێ نرخترین کەسی ناو خراپەکارەکان.

 بڕوانە (التيسير) (2/380). وە (فيض القدير) (2/424).

 

 

حەمزە بەرزنجی

٢ ربیع الاخر ١٤٤٦

2024/10/5

 

التعليقات



جميع الحقوق محفوظة

حه‌مزه به‌رزنجی

2018


تطوير

ahmed shapaan