حه‌مزه به‌رزنجی حه‌مزه به‌رزنجی
کتێبخانه

کتێبی نوێ

کتێبخانه
گشت بابه‌ته‌کان
چاوەڕوانبە ...
گشت بابه‌ته‌کان

ووتارێكی زۆر كاریگەری پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم).......

 

كاتێ‌ پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) دوای كۆتایی هاتنی جەنگ غەنیمەتەكانی (حونەین)ی دابەش كرد بەشێكی زۆری بەخشی بە قوڕەیش و هۆزە عەرەبەكان و هیچ بەشێكی لەو غەنیمەتانە نەدا بە ئەنصار، تیرەی ئەنصاریش لە دەرونیاندا شتێك در
وست بوو بە جۆرێك یەكێك لەوان ووتی: پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) هۆزەكەی خۆی بینیوەتەوەو پشتیوان و سەرخەری دۆزیوەتەوەو ئێمەی ناوێت، (سەیرە.. شمشێرەكانمان خوێنی قوڕەیشی لێ دەچۆڕێت، كەچی غەنیمەتەكانی ئێمە دابەش ئەكرێت بەسەریاند!).

ئەوەبوو سەعدی كوڕی عوبادەی سەرۆك هۆزی ئەنصار چووە خزمەت پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم)و فەرمووی: ئەم تیرەیەی ئەنصار شتێك لە دەرونیاندا بەرامبەرت دروست بووە كاتێ‌ غەنیمەتەكانت بەخشی بە هۆزەكەی خۆت و بەشێكی زۆرت داوە بە هۆزەكانی عەرەب و هیچت بەشی ئەوان نەدا (بەڵام باسی ناكەن)...

پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) فەرمووی: بۆچوونی تۆ لەو بارەیەوە لە كوێدایەو تۆ چی دەڵێیت ئەی سەعد؟

فەرمووی: ئەی پێغەمبەری خوا منیش یەكێكم لە هۆزەكەم (هەمان شت لە دەرونمدا هەیە) بەڵام من بە دەم نەموتووە.

فەرمووی: دە بڕۆ هۆزەكەتم بۆ كۆبكەرەوە لەو جێگایەدا (دوایی بانگم بكە)...

سەعدیش ڕۆیشت و (بە دەنگی بەرز بانگی لە هۆزەكەی كرد) و خەڵكەكەی بۆ كۆكردەوە، كەسانێكی موهاجیرینیش هاتن ڕێگای دان بەشدار ببن و كەسانێكی تریشیان هاتن گەڕاندنییەوەو نەیهێشت بەشدار ببن، كاتێ كۆبونەوە سەعد چووە خزمەتی و فەرمووی: هەموو ئەو تیرەیەی ئەنصار كۆبونەتەوە بۆ جەنابتان و چاوەڕێتانن.

دەفەرموێت: پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) چووە ناویان و حەمدو ستایشی خوای گەورەی كرد و فەرمووی:

ئەی گەلی ئەنصار ئەو قسەیە چییە دەربارەی ئێوە پێم گەیشتووە كە لە دەرونتاندا دروست بووە؟

ئایا نەهاتمە ناو ئێوە لە كاتێكدا ئێوە گومڕا بوون خوای گەورە بەهۆی منەوە ڕێنمویی كردن؟

وە هەژار بوون خوای گەورە دەوڵەمەندی كردن و دوژمنی یەك بوون خوای گەورە دڵی یەكخستن؟

وتیان: بەڵێ خواو پێغەمبەرەكەی خاوەن منەت و باشترن.

فەرمووی: ئەی گەلی ئەنصار ئایا وەڵامم نادەنەوە؟

وتیان: وەڵامی چی شتێك بدەینەوە ئەی پێغەمبەری خوا؟ منەت و فەزڵ بۆ خواو پێغەمبەرەكەیەتی.

فەرمووی: سوێند بە خوا ئەگەر بتانەوێت قسە دەكەن و ڕاستیش دەڵێن و بە ڕاستیش دادەنرێن، ئەگەر بڵێن: كاتێ‌ تۆ هاتیتە ناومان بە درۆخرابویتەوە، بەڵام ئێمە بەڕاستمان دانایت و پشتت بەردرابوو ئێمە سەرمان خستیت، وە لە شاری خۆت وەدەرنرابویت، ئێمە لانەو جێگامان بۆ كردیتەوە، وە هەژار بویت دەوڵەمەندمان كردیت.

ئایا ئەی گەلی ئەنصار ئایا لە چڵپەی دونیا كاری لەدڵتان دروست كردووە، كە دەبینن لەو دونیایە داومە بە كەسانێك تا دڵیان ڕابگرم و موسڵمان ببن و ئێوەشم داوەتە دەست ئیسلامەكەتان؟

ئایا ئەی گەلی ئەنصار ڕازی نابن كە خەڵكی بە مەڕو ووشترەوە بگەڕێنەوەو ئێوەش پێغەمبەری خوا ببەنەوە لەگەڵ خۆتان بەرەو ماڵەكانتان، سوێند بەو خوایەی نەفسی محمدی بەدەستە ئەگەر هیجرەت نەبوایە دەبومە تاكێك لە ئەندامانی ئەنصار، وە ئەگەر خەڵكی بە دۆڵێكدا بڕۆن و ئەنصاریش بە دۆڵێكدا بڕۆن من شوێن دۆڵەكەی ئەنصار ئەكەوم، خوایە ڕەحم بە ئەنصارو نەوەكانی ئەنصارو نەوەی نەوەكانی ئەنصار بكە.

دەفەرموێت: ئیتر خەڵكەكە دەستیان كرد بە گریان هەتا ڕیشیان بە فرمێسكەكانیان تەڕ كرد، وە دەیانوت: ڕازین بە دابەش كردن و بەشەكەی پێغەمبەری خوا.

پاشان پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) ڕۆیشت و ئێمەش بڵاوەمان لێ كرد.

حەمزە بەرزنجی

ئەم بەسەرهاتە لە كتێبەكانی سیرەدا هاتووە: أخرجه أحمد في مسنده(3/ 76) برقم(11748) وقال محققه شعيب الأرنؤوط: إسناده حسن، وصححه الألباني في فقه السيرة رقم(395)، وأخرجه مسلم مختصرا من حديث أنس بن مالك برقم(1059)، وأبو يعلى في مسنده برقم(3229) وصححه محققه حسين سليم أسد.

التعليقات



جميع الحقوق محفوظة

حه‌مزه به‌رزنجی

2018


تطوير

ahmed shapaan