لە ووتارەکەیدا ووتی: پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) تەڵاقی خێزانی خۆی داوەو ظیهاری کردووەو سوێندی لێ خواردوون نەچێتە لایان!
کاتێ ووتارەکەی تەواو بوو دەرچوو، منیش شوێنی
کەوتم، لەگەڵ کۆمەڵێک کەسدا گەیشتە ماڵەوە، ئیتر لە ناو دەرگاکەدا لەگەڵمان دانیشت
و هەستیان بە من کرد کە کارێکم هەیە، چونکە زانیان من خەڵکی ئەوێ نیم و لەوانە
نەبووم پێشتر سەردانم کردنێت.
کاتێ زۆربەی خەڵکەکەی چواردەوری
ڕۆیشتن پێی ووتم: دەبینم نامۆیت، ئایا قسەیەکی تایبەتت هەیە؟ ووتم: بەڵێ، ئەویش بە
خەڵکەکەی ووت: بواری بدەن با قسەکانی بکات. ئەوانیش هەستان و ڕۆیشتن و تەنها من
مامەوە لەگەڵی.
پێم ووت: من ئەمڕۆ بە تایبەت هاتم
بەشداری مەجلیسەکەت بووم، بیستم ووتت: پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) سوێندی
خواردووە نەچێتە لای خێزانەکانی و لەمەدا ڕاستت فەرموو...
وە ووتت: پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه
وسلم) طەلاقی خێزانی داوەو ئەمەش هەر ڕاستت فەرموو...
وە وتت: پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه
وسلم) ظیهاری کردووە (ظیهار: ئەوەیە پیاو بە هاوسەرەکەی بڵێت تۆ وەک دایکم وایت،
یان لە جێگای دایکم بیت)، کە ئەمەیان ڕووی نەداوەو ناکرێت شتی وا ڕوو بدات! چونکە ظیهار
قسەیەکی ناشیرین و خراپەو تاوان و درۆیەو ئەمەش شیاوی پێغەمبەری خوا نییە بدرێتە
پاڵی!
ئیتر خێرا باوەشی پیا کردم و سەری ماچ
کردم و پێی ووتم: من لەوە پەشیمان دەبمەوەو تەوبە دەکەم لە ووتنی ئەو قسەیە، خوای
گەورە پاداشتی خێرت بداتەوە کە مامۆستایەکی چاکەکار بویت.
دەفەرموێت: ئیتر من ڕۆیشتم، بۆ ڕۆژی
دواتر چوومەوە بۆ مەجلیسەکەی، بینیم پێش من گەیشتۆتە مزگەوت، لەسەر مینبەرەکە
دانیشت، کاتێ منی بینی لە دەرگای مزگەوتەوە دێمە ژوورەوە بە دەنگی بەرز هاواری
کرد: یاخوا مامۆستاکەم بەخێر بێت، ڕێگا بکەنەوە بۆ مامۆستاکەم!!
هەموو دەموچاوەکان ڕوویان تێ کردم و چاوەکان بەرەو من دەیانڕوانی
و سەرنجیان دەدام، خەڵکەکە بەرەوە پیرم هاتن و دەستیان گرتم هەتا بردمیانە لای
مینبەرەکە، منیش ئەمەندەم شەرم کرد نەمدەزانی لە چ شوێنێکی زەویدا دانیشتم،
مزگەوتەکەش جمەی دەهات لە خەڵک، لە شەرمان لاشەم شڵتەی دەهات لە ئارەقدا.
شێخ ڕووی کردە خەڵکەکەو پێی ووتن؛ من مامۆستای ئێوەم و
ئەمەش مامۆستای منە، کاتێ دوێنێ من بۆم باس کردن کە پێغەمبەری
خوا (صلی الله علیه وسلم) تەڵاقی خێزانی خۆی داوەو ظیهاری کردووەو سوێندی لێ
خواردوون نەچێتە لایان، کەستان لە من تێ نەگەیشتن و هیچ کامتان ڕەتتان نەدامەوە،
ئەم پیاوە شوێنم کەوت بۆ ماڵەوەو ئاواو ئاوای پێ ووتم، (بەسەرهاتەکەی گێڕایەوە کە
لە نێوان من و ئەودا ڕوویدا).
وە ووتی: من تەوبە ئەکەم لەو قسەیەی
کە دوێنێ کردم و پەشیمانی دەردەبڕم و دەگەڕێمەوە بۆ حەق، جا هەرکەسێک دوێنێ ئامادە
بووەو بیستویەتی با پشت بەو فەتوایە نەبەستێت، هەرکەسێکیش لێرە نییە با ئەوانەتان
کە ئامادەن پێی بگەیەنن؛ خوای گەورە پاداشتی خێری ئەم پیاوە بداتەوە، ئیتر دەستی
کرد بە پاڕانەوەو خەڵکەکەش ئامینیان دەکرد.
سەرچاوە: (أحكام القرآن)
لابن العربي ١/٢٤٨-٢٤٩.
حەمزە بەرزنجی